ئه‌مه‌ی خواره‌وه نووسراوه‌ی کچێکی مه‌ریوانیه که داوام لێ کردبو بۆ 8ی مارس شتێک بنووسێت. ئه‌مه‌ی پێدام و منیش ده‌قاوده‌ق دامناوه.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
له کاتێکدا خۆشه‌ویستی و ڕق له ده‌روونمدا هاوار ده‌که‌ن، له‌کاتێکدا بۆم نیه رووناکی و تاریکی له‌یه‌ک جیا بکه‌مه‌وه، له کاتێکدا که ئه‌بینم رێگاکان پڕ بوون له کۆچه‌رییه سه‌رگه‌ردانه‌کان و قه‌فه‌سه‌کان پڕ بوون له باڵنده بێ باڵه‌کان، ته‌نیایی و دڵته‌نگی ده‌ستم ده‌گرێت و رووبه خه‌ڵوه‌تێکی تاریک و پڕ له گریان ئه‌مبات و وه‌ک جه‌سته‌یه‌کی بێ گیان خۆم ده‌خه‌مه سه‌ر کۆسپی په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌م و ده‌سته‌وئه‌ژنۆ روو به حه‌وشه‌ی ماڵه‌که‌مان دائه‌نیشم که جگه له چوار دیوارییه‌ک و گۆشه‌یه‌ک له ئاسمان، هیچ دیاری نادات.

بیر له مافه ڕه‌واکان ئه‌که‌مه‌وه، له ژیان، له ئازادی... بیر له خۆم ئه‌که‌مه‌وه، له هاو جنسه‌کانم له‌م وڵاته. بیر له‌وه ئه‌که‌مه‌وه که ئێمه ته‌نیا په‌روه‌رده‌ی ترسێکین! ترس له گوناهێکی نه‌کراو. مافمان له نێو دڵمان و دڵمان له ژێرپێماندایه، ئازادی و هزر و خۆشه‌ویستی و ژیان له ناو مێشک و مێشکیشمان له ناو گولـله‌دایه! چاومان له فڕینی باڵنده و جه‌سته‌مان له قه‌فه‌سدایه. خوێنمان له‌گه‌ڵ یاسایه‌کی دووره‌ده‌ست تێکه‌ڵ بوه و خۆمان به‌سه‌ر شه‌ریعه‌تێکی نه‌خۆشدا دابه‌ش کراوین. ئێمه ژنین ژن نه وه‌ڵامی تازه‌مان هه‌یه بۆ پرسیاره کۆنه‌کان و نه ته‌فسیرێک بۆ مه‌رگی باڵنده و نه حه‌رفێک و نه دیفاعێک و نه وشه‌یه‌ک بۆ لرفه‌ی ئه‌و ئاگره سووره که له‌شی هاوڕێ نازاره‌کانمان ئه‌گرێته باوه‌ش.
ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی میلیۆنه‌ها فه‌رسه‌خ دوورت ئه‌بینم! بێزارم له ته‌فسیر و ئامۆژگاری و حیکمه‌تت، ئه‌زانی بۆ؟ چه‌ن جار سینه‌ی منت بینی که ناوی ئازاری لێ نووسرابوو؟ چه‌ن جار به رۆحی مندا هاتی که ئاگری بێگوناهیی گرتبوو؟ چه‌ن جار هاواره خنکاوه‌کانی گه‌روومت برده سه‌ر لاپه‌ڕه و بڵاوت کرده‌وه؟ چه‌ن جار هه‌ناسه سارده‌کانت هه‌ڵمژیم و له ژیانی من تێگه‌شتی؟ بمبووره که بێزارم له فێمێنیزمه‌که‌ی تۆ و نامووسه‌که‌ی باوکم و ئایینه‌که‌ی وڵاتم و بیر و ڕاکانی کۆمه‌ڵگاکه‌م.
نه تۆ له مردنم ده‌گه‌یت، نه باوکم له ژیانم. نه تۆ له گوناهم ده‌گه‌یت نه کۆمه‌ڵگا له پاکیم. نه ئایین له فریوم ده‌گات نه کۆمه‌ڵگا له راستیم. نه له خه‌نده‌م تێده‌گه‌ن نه له گریانم. نه له رق و نه له خۆشه‌ویستیم. نه له ماف و نه له یاسام. نه له تاوان و نه له ئازارم.
ئه‌زانی بۆ لێم تێناگه‌ی؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆ نامووست نه‌بینیوه، بۆت باس کراوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نازانی که یه‌ک جار ئامۆژگاریت ئه‌که‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نازانی داوای ژیان کردن به مانای یاخی بوونه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستی بێ ره‌حمی شه‌ریعه‌ت به‌سه‌ر سه‌رتا نه‌کێشراوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌پۆله دڵڕه‌قه‌کانی کۆمه‌ڵگاکه‌ت قووتی نه‌داوی و ترسێکی هه‌تاهه‌تایی رێگای لێ نه‌گرتووی.
تۆ ئه‌زانی چاو پڕبوون له گریان چۆنه؟ ئه‌زانی جه‌سته سووتان چۆنه؟ تۆ ئه‌زانی ماسی خنکان چۆنه؟ ئه‌زانی رێگای خه‌ته‌ر له‌به‌ر گرتن چۆنه؟ تۆ تا ئێستا له ترساندا رۆح و دڵ و هزر و ژیانت تووڕ داوه که له داهاتوودا دڵت وه‌ک ژورێکی ته‌نیا تاریک بووبێ و رۆحت وه‌ک رێبواری ماندوو له پێده‌شتێکدا جێ مابێ؟ من هه‌مووم دیوه و له‌گه‌ڵ ژماره‌ی هه‌ناسه‌کانم پیر بووم.
هاوڕێکه‌م ئه‌گه‌ر تۆ ئه‌و هه‌وره چڵکنه‌ت بینیوه، بارانه‌کانی به‌سه‌ر مندا باراندوه. من له په‌نجه‌ی ئیشاره‌تی باوکم و کۆمه‌ڵگا و شه‌ریعه‌ت و دین بێزارم. په‌نجه‌کانم پڕه له تووڕه‌یی و وشه و گله‌یی. منیش وه‌ک تۆ حه‌زم له ژیانه، له سه‌ربه‌ستی و ئازادیه، حه‌زم له نووسینه، حه‌زم له گه‌ڕان به ناو دارستانه‌کانی شاره‌که‌مدایه به ئه‌سپێکی سپیه‌وه! ئه‌و کاتانه‌ی که له دنیا و مرۆڤه‌کانی دڵته‌نگ ئه‌بم، حه‌زم له شه‌وانی زرێباره‌که‌مه، له خه‌مه قووڵه‌کانی، له کێوه به‌رزه‌کانی، له شه‌وه بێده‌نگه‌کانی. حه‌زم له گه‌ڕان به‌دوای خه‌مه بچووکه‌کانی کیژه چاوشینه باڵابه‌رزه‌کانی مه‌ریوانمه.
حه‌زم له ژوورێکه بۆنی ته‌نیایی و فرمێسک نه‌دا. حه‌زم له ژیانێکه بۆنی قسه‌ی تاڵ و سووکایه‌تی پێکردن و سووتاندن و خنکاندن و به‌ستنه‌وه و دۆزه‌خ و مه‌رگ نه‌دا.
من پێویستم به رێگایه‌که له‌م رێگا نه‌چێ. پێویستم به کتێبێکه که کۆمه‌ڵگاکه‌م لێی تێبگات و وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی ترس بداته‌وه. رووناکیی تۆم بۆچیه کاتێک چاوانی مرۆڤه‌کان پڕن له زوڵمه‌ت. پێویستم به یاسایه‌که ئه‌م یاسا بگۆڕێت، پێویستم به رۆشناییه‌که دوورم بکاته‌وه له‌م تاریکیه. پێویستم به شارێکه که شه‌ره‌ف له‌به‌ر ده‌روازه‌که‌ی رانه‌وه‌ستابێ و ژیانم بپشکنێ. من نامه‌وێ له‌سه‌ر فڕین سزا بدرێم. نامه‌وێ به خوێنه‌که‌م نامووس بپارێزن. نامه‌وێ له‌به‌ر تۆڵه‌ی تاوان جه‌سته بێگوناهه‌که‌م بسووتێنن. نامه‌وێ وه‌ک ماسییه‌ک له ده‌سته خائینه‌کاندا گیان بده‌م.
من رۆژێک له رۆژان هه‌ڵده‌فڕم له‌گه‌ڵ ده‌فته‌ره بچووکه‌که‌م و پرسیاره بێ وه‌ڵامه‌کانم و نامه دڕاوه‌کانی دڵداریم و مه‌تاره‌ی ته‌نیاییه‌کانم و چاره‌که‌ی گریانه‌کانم و ئه‌ڕۆم...
له یه‌کشه‌ممه‌ی ئه‌مسالدا هه‌وره‌کانم باری و ئه‌سرینه‌کانم گریا. له‌به‌ر ته‌رمی ئه‌و کیژه جوانانه‌ی که پار بوون و ئه‌مساڵ چوون.
قسه‌کردن تێکه‌ڵاوێکه له خوێن و حه‌قیقه‌ت!